تەنها بۆ بەدەستهێنانی 20 دۆلار… 85 کەس لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە
دیمهشق – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی دابەشکردنی یارمەتییە داراییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن، زیاتر لە 85 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەم ڕووداوە خوێناوییە چەند ڕۆژێک پێش جەژنی رەمەزان دێت، لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان، بە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوی پاڵەپەستۆی چەندین ساڵی رابردووی وڵاتەکە دادەنرێت.
لە چەند ڤیدیۆییەکی ناو سۆشیال میدیا دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک تەرم لە دەوری شوێنێک بڵاوبوونەتەوە کە سەدان یەمەنی لە قوتابخانەیەک لە سەنعای پایتەخت کۆبوونەتەوە بۆ دابەشکردنی هاوکاری نەختینەیی دامەزراوەیەکی بازرگانی تایبەت.
هەروەها لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە کە ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری پەلەیان کردووە بۆ گواستنەوەی قوربانییەکان و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکان.
بە گوتەی بەرپرسان، ئەو پاڵەپەستۆیە بەهۆی قەرەباڵغییەوە بووە، چونکە خەڵک لە شەقامێکی تەسکدا قەتیس بوون کە دەچێتە دەرگای پشتەوەی قوتابخانەکە، لەوێ یارمەتییە داراییەکەی دابەشکراوە، پێنج هەزار ریاڵی یەمەنی بووە بۆ هەر کەسێک کە دەکاتە نزیکەی 20 دۆلاری ئەمریکی.
زیاتر لە هەشت ساڵ شەڕی ناوخۆ بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێک لە یەمەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکانی جیهان ناوی دەبات.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 21.7 ملیۆن کەس کە دوو لەسەر سێی خەڵکی وڵاتەکە پێکدێنن، ئەمساڵ پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.
ململانێکان لە ساڵی 2014 دەستیان پێکرد کاتێک حوسییەکانی نزیک لە ئێران دەستیان بەسەر شاری سەنعادا گرت، ئەمەش وایکرد هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتیی سعودیە لە ساڵی دواتردا دەستوەردان بکات بۆ پشتگیریکردنی حکومەتە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکەی یەمەن.