سیاسەتمەدارێکی شاری کۆبانی: نەپاراستنی ئاسمانی ناوچەکە ئارامی تێکدەدا و ئاوارەبوون زیاد دەکات
کۆبانی- نۆرس پرێس
كیلو عیسا ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردی سووریا رایگەیاند: نەپاراستنی ئاسمانی باكووری سووریا لە هێرشە ئاسمانییەكان، دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاسایش و سەقامگیری و زیادبوونی شەپۆلی ئاوارەبوون، تێکچوونی دۆخی ئابووری و مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی سڤیل.
لە لێدوانێکیدا بۆ نۆرس پرێس، عیسا ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆڵی وڵاتانی گەرەنتیکەر “ڕووسیا و ئەمریکا” بەرامبەر بە ئاگربەست لە ناوچەکەدا “تەنها بە بەڵێن و قسە سنووردار کراوە، دەبێت بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن”.
ئەم لێدوانەی ئەو سیاسەتمەدارە سوورییە، لە پەراوێزی بەیاننامەیەکی لایەنە سیاسییەکانی ناوچەی فوراتدا هات بۆ بەردەم ڕای گشتی سەبارەت بە پێشێلکاری و کردەوەکانی تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە لە مۆزەخانەی کۆبانی خوێندرایەوە.
عیسا بۆ نۆرس پرێس زیادی کرد: ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی 2019 لەگەڵ تورکیا واژۆ کراوە لەسەر زەوی جێبەجێ ناکرێت، “چونکە تورکیا رۆژانە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری و چەکدارەکانی هەسەدە شەڕی داعشیان کردووە بە درۆن دەکاتە ئامانج “.
وتیشی: ڕانەگرتنی دەستێوەردانەکانی تورکیا دەبێتە هۆی وێرانکاری لە ناوچەکە و دواخستنی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و بەهێزکردنی تیرۆر.
“عیسا” داوای كرد “ئابڵۆقەی ئاسمانی” بخرێتە سەر ناوچەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن وڵاتانی گەرەنتیکەرەوە، ئەویش “بەمەبەستی پاراستنی ئاسمانی ناوچەكە بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن لە ئاسایش و ئارامییدا بژین”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەناو مۆزەخانەی کۆبانی، هەشت لایەنی سیاسی هەرێمی فورات بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و لەبەردەم ئامادەبواندا خوێنرایەوە.