لیژنەی کاروباری دەرەوەی سوریا داوای گەرەنتیەک لە ناردنی هاوکاری بۆ سوریا دەکات
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەمرۆ چوارشەممە داوای کرد، ‘رژێمی ئەسەد” لە سوریا، نابێت سوود لە وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی لەبەرانبەر رووداوی بوومەلەرزەکە وەربگرێت، بەتایبەتی لەلایەن ئێرانەوە، کە تۆمەتبارە بە قۆستنەوەی کارەساتەکە و ناردنی چەک بۆ وڵاتەکە.
مایکڵ مککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، جۆ ویلسۆن سەرۆکی لیژنەی لاوەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست لە وەڵامی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران رووداوی بومەلەرزەکە وەک هەلێک دەقۆزێتەوە هاتنە دەنگ و بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، هەردوو لیژنەکە تیشکیان خستۆتە سەر ئەرکەکانی فریاگوزاری بۆ گواستنەوەی چەک بۆ سوریا.
هەروەها ئەم نیگەرانیانە لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی لیژنەی لاوەکی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوریا بە شێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ کران.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئێران لەژێر پەردەی فریاگوزاری بومەلەرزە راستەوخۆ چەک دەگوازێتەوە بۆ سوریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو لێخۆشبوونە بەرفراوانە لە سزاکان کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە سەپێنراوە، ئەسەد و ئێران دەتوانن هەوڵەکانی فریاگوزاری بومەلەرزە بەشێوەیەکی خراپ بەکاربهێنن.”
لیژنەکان داوایان لە ئیدارەی ئەمریکا کرد کە بە ئاشکرا “هاوکاری بوومەلەرزە” بەپێی مۆڵەتی گشتی 23 دیاری بکات.
بەرپرسێکی بەرگری ئیسرائیلیش کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند “لەژێر پەردەی ناردنی هاوکاری بومەلەرزە بۆ سوریا، ئیسرائیل جوڵەی بەرچاوی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی لە ئێرانەوە بینیوە.”
چەندین راپۆرتی رۆژئاوایی باسیان لەو پرسە کرد کە ئێران سوودی لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرپەرچدانەوەی بوومەلەرزە وەرگرتووە، کە تاوەکو رادەیەک سزاکانی سەر دیمەشقی کەم کردۆتەوە و دەرگاکانی بۆ سەردانەکان کردۆتەوە، لەوانەش سەردانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.