فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کوژرانی چوار ئەندامی داعشیان لە کەرکوک راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە عێراق توانی چوار ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە کەرکوک، بە هێرشی ئاسمانی بکوژن.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، فەرماندەییەکە رایگەیاندووە، “لە درێژەی کێوماڵکردن و بەدواداچوونی شانە تیرۆریستییەکانی داعش، و بەپێی زانیاریی دروست و بەدواداچوون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری سەربازییەوە، لەژێر چاودێریدا و بە پلانێکی تۆکمەی بەدواداچوونی شانەی بەئامانجکردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فڕۆکەکانی (F16) هێرشێکی ئاسمانی سەرکەوتوویان لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک- وادی ئەلشای، ئەنجامدا”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەئامانجگرتنەکە بووەتە هۆی کوژرانی 4 ئەندامی رێکخراوەکە و لەناوبردنی حەشارگە و شوێنی حەشارگەکانی سەر بە داعش.

پێرێ یەکشەممەش، هێزە عێراقییەکان چوار ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان دەستگیرکرد، کە سەرکردەیەکیان لە پارێزگای نەینەوا، لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، دەستگیرکرد.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی