لە هەولێر تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

بڕیارە ئەمڕۆ لە هەولێر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کۆببێتەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، سێ ھەفتەیە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی جەیھانەوە بۆ تورکیا راگیراوە، سەرباری رێککەوتنی ھەرێم و بەغدادیش بەڵام تائێستا ھەناردەکردنی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە.

چەند سەرچاوەیەک بە میدیای بەریتانییان راگەیاندووە “کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بانگهێشتی هەولێر کراون بۆ ئەوەی بەیانیی رۆژی سێشەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە”.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لە کۆبوونەوەکەدا “سەرنج دەخرێتە سەر ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مەرج و رێساکانی نرخی فرۆشتنی نەوتی خاو لە رێگەی سۆمۆوە، میکانیزمی پێشنیازکراو بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و پشکیان لە فرۆشی هەناردەی نەوت لە داهاتوودا”.

میدیای بەریتانی لەسەر زاری چوار سەرچاوە باس لەوە دەکات، حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان “کێشە تەکنیکییەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان چارەسەر کردووە”.

ھەر لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، رۆژی دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاند، ئەو بابەتە تەنھا لایەنی تەکنیکی ماوە و ئەم ھەفتەیە ھەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە و لەوبارەیەوە پەیامیان بۆ حکومەتی تورکیا ناردووە.

رۆژی 25ـی ئادار، بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کورستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا، کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل بوو. ئەوەش دوای ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی ناوبژیوانی بردەوە کە تێیدا رایگەیاندبوو “تورکیا رێککەوتنێکی پێشێلکردووە بە رێگەدان بە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ رەزامەندی بەغدا.