سوپای ئەمریکا ناسنامەی سەرکردە کوژراوەکەی داعش ئاشکرا دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمریکا ئەو زانیاریانەی پشتڕاستکردەوە کە دوێنێ سەبارەت بە هێرشێکی ئاسمانی لە باکوری سوریا راگەیەندرا کە سەرکردەیەکی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی کردە ئامانج، زانیاری لەسەر ناسنامەی ئامانجەکە و وردەکارییەکانی دیکەی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە خرایەڕوو.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەرەبەیانی دووشەممە، هەڵمەتێکی هێلیکۆپتەری ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەرکردە و پلاندانەرێکی دیاری داعشی کردە ئامانج.
لە بەیاننامەکەی دوێنێدا “جۆ بوچینۆ” گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاندبوو، “پێمان وایە لەو هێرشەدا سەرکردەیەکی باڵای داعش لە سوریا، کە بەرپرسە لە پلاندانان بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا کوژراوە”.
لە راگەێنراوێکی دواتردا کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە، ناسنامەی سەرکردە دیارەکەی داعشی ئاشکرا کرد، کە “عبدولهادی مەحمود ئەلحاج عەلی”ە و بە گوتەی ئەوان “بەرپرسە لە پلاندانان بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ئەو هەڵمەتە کە بە هەلیکۆپتەر سەرکردەکەی کردۆتە ئامانج، دوای ئەوە دەستیپێکردووە، کە ئەمریکا زانیاری هەواڵگریی زانیوە دەربارەی پیلانێکی رێکخراو بۆ ڕفاندنی بەرپرسانی بیانی.
بوچینۆ گوتیشی، “دەزانین “داعش” خواستی لێدان لە دەرەوەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەیە، ئەم هەڵمەتە گورزێکی گەورە لە ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ناوچەکە دەدات، بەڵام توانای داعش بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان لەناو نابات.”
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەکوژراوە و بریندار نەبووە.
دوای ئەو هەڵمەتە، بوچینۆ گوتی “ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش گرنگن بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە”.