زیاتر لە 80 بارهەڵگری هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەنەتە ناو سوریا
ئیدلیب – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممەی ڕابردوو کاروانێکی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان کە زیاتر لە 80 بارهەڵگر پێکهاتبوون لە ڕێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکوری ئیدلیب، چوونەتە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا و بە گەورەترین کاروان دادەنرێت لەوەتەی هاوکارییایەکان بۆ سوریا دەستیان پێکردووە.
سەرچاوەکان لە باب ئەلهەواوە بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، کاروانێکی هاوکاری کە گەورەترین کاروانە و لە 82 بارهەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهاتووە، لە دەروازەی باب ئەلهەواوە چووەتە ناو ئیدلیب، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوکاریانە دێت کە بۆ زیان لێکەوتوانی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە ئیدلیب.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا، کاروانەکە ڕادەستی ڕێکخراوە هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کاردەکەن، 11 باڕهەلگر ڕادەستی ڕێکخراوی شەفەق کراون، 10 دانەی تریش ڕادەستی ڕێکخراوی نەسائیم خەیر کراون و 12 ڕادەستی ڕێکخراوی ئەیدی بەیزاء کراون، 20 ڕادەستی ڕێکخراوی عەتاء کراون ، 17ی تریش بۆ ڕێکخراوی میهرەبانی، و 12 بۆ ڕێکخراوی ئای وای دی کراون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا، کە کاروانەکە هاوکاری جۆراوجۆری مرۆیی لەخۆگرتبوو، کە پێکهاتوون لە ئارد و برنج و سەبەتەی خۆراکی.
ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەوە کە تا ئێستا لە ڕێگەی دەروازەی سنوری باب ئەلهەوا گەیشتوونەتە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، بۆ هەزار و 154 بارهەڵگر زیادیان کردووە، و سەرجەمیان ڕادەستی ڕێکخراوە هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کراون.