بە بۆنەی 77 ساڵەی چۆڵکردنی هێزەکانی فەرەنسا لە سوریا، سەرۆکی چەند وڵاتێکی جیهانی پیرۆزبایی لە ئەسەد دەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی دووشەممە، ئیمارات و میسر و مۆریتانیا بە بۆنەی 77 ساڵەی چۆڵکردنی هێزەکانی فەرەنسا لەو وڵاتەدا، پیرۆزباییان ئاراستەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا کرد.

شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان سەرۆکی ئیمارات و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و محەمەد ئوڵد شێخ غەزوانی سەرۆکی موریتانیاش پیرۆزباییان لە بەشار ئەسەد کردووە.

لە پیرۆزبایی سەرۆکی وڵاتاندا هاتووە کە پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی سوریا لە پێناو بەرگریکردن لە سەروەری و یەکگرتووی و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەردەبڕن، هەروەها پەرۆشی خۆیشیان بۆ کاری بەردەوام لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوکارییە هەنووکەییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە و سوریا لە بوارە جیاجیاکاندا دەردەبڕن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەسەد پەیامی پیرۆزبایی لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیاوە پێگەیشتووە، هەروەها ئەم سەرۆکانەی خوارەوەش بەو بۆنەیەوە پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی ئەسەد کردووە لەوانە، شی جینپینگ سەرۆک کۆماری چین، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، جۆکۆ ویدۆدۆ، سەرۆک کۆماری ئەندەنوسیا، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاروسیا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کوریای باکور.

هەروەها پاپای ڤاتیکان و سەرۆکی میانماریش پیرۆزباییان ئاراستەی ئەسەد کردووە.

17ی نیسانی هەموو ساڵێک سوریا ڕۆژی چۆڵکردنی هێزەکانی فەرەنسا لەناو خاکی خۆیدا وەکو رۆژی جەژن دەگێڕێت، لەساڵی 1946ەوە فەرەنسا لەو وڵاتەدا کشاوەتەوە و چۆڵی کردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی