سەرۆكی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە دەكات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ژەنیراڵ ماثيو مكفارلن فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سووریا و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا كە كۆنسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوو، گفتوگۆ دەربارەی ڕێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەركەدا كرا و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرا كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا یە.

هەروەها باس لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەش كرا كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوكارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناغ و بوارە جیاوازەكاندا بەرز نرخاند و جەختیشی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوكاری و پشتیوانییەك لەمبارەيەوە نیشان دا.

ژەنیراڵ مكفارلن بەردەوامی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكاندا و جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو، دووپات كردەوە.