خۆپیشاندانێکی شەوانە لە شاری باب بۆ رەتکردنەوەی کرانەوەی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق

باب– نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، شاری باب لە رۆژهەڵاتی حەڵەب، ناڕەزایەتییەکی شەوانە دژ بە کرانەوە بەڕووی حکومەتی دیمەشقدا رێکخرا و تێیدا سەرکۆنەی لێکنزیکبوونەوەی عەرەبییان کرد لەگەڵ دیمەشقدا.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، خۆپیشاندەران دوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لە نزیک مزگەوتی ئەلفاتیح لە سەنتەری شارەکە کۆبوونەتەوە.

خۆپیشاندەران لافیتە و دروشمیان بەرزکردەوە کە هەوڵەکانی هەندێک وڵاتی عەرەبییان بۆ نزیکبوونەوە لە حکومەتی سوریا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا و کردنەوەی باڵیۆزخانەکان شەرمەزارکرد.

هەینی رابردووش خۆپیشاندانی جەماوەری لە شارەکانی عەفرین و ئەعزاز و مارع ئەنجامدرا، بۆ جەختکردنەوە لەسەر رەتکردنەوەی لێکنزیکبوونەوەی عەرەبی و تورکیا لە دیمەشق.

خۆپیشاندەران ئەو لێکنزیکبوونەوەیەیان شەرمەزار کرد و “بەهۆی بێدەنگیی لەو ئاساییکردنەوە و لێکنزیکبوونەوەیە” وێنەی سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا، عەبد ئەلڕەحمان مستەفایان سوتاند.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد