هەناردەکردن لە سوریاوە بۆ وڵاتی جیهان ڕووی لە بوژانەوە کردووە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

بەهای هەناردەی سوریا لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیادیکردووە و نزیکەی چارەکە ملیارێک دۆلاری ئەمریکی بووە.

فەهد دەروێش، سەرۆکی لیژنەی هەناردە و هاوردەکردن لە فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکانی سوریا، لە راگەیەندراوێکدا بۆ رۆژنامەی ئەلوەتەن نیمچە فەرمی، ئەمرۆ دووشەممە، 17ی نیسانی 2023 رایگەیاند، هەناردەی سوریا بۆ وڵاتانی جیهان دەستی بە بوژانەوە کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین مادەی هەناردەکراو، کە لەماوەی پێشوودا پلەی یەکەمی داگیرکردووە، سامانە سروشتییەکان و سەرچاوە کانزانییەکان بووە، لەرووی قەبارەی بەهای هەناردەکردنەوە، سەوزەواتەکان لە پلەی دووەمدا هاتوون و میوەکانیش بە پلەی سێیەم.

ئەم بەرهەمە خۆراکییانەش، (پەنیر، بەرهەمە شیرەمەنیەکان، بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی خواردنی لەقتونراو)، پلەی چوارەمیان گرتووە، پاشان بەهارات و بەهاراتەکانی وەک زەنجەفیل، ئەنیس، زیرە، و بەهاراتەکانی تر بەپلەی پێنجەم هاتوون.

بەگوێرەی داتاکان، بەهای هەناردەکردنی سوریا، لە ساڵی 2018 نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار بووە، بۆ ئەوەی لە ساڵی 2019دا کەمێک باشتر بێت و بگاتە نزیکەی 750 ملیۆن دۆلار، دواتر لە ساڵی 2020دا پێشکەوتنێکی بەرچاوەی بەخۆیەوە بینیوە و بەهای هەناردەکردنەکەی گەیشتە نزیکەی 950 ملیۆن دۆلار.

سەبارەت بە دوو ساڵی ڕابردووی 2021 و 2022، بەهاکەی گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار، ئاماژە بەوە دەکرێت لەم دوو ساڵەدا، دابەزینی بەرچاوی جوڵەی بازرگانی جیهانیش لەئارادا بووە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دواتر جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.