لەئەنجامی تەقەکردنێکی بەکۆمەڵ لە ویلایەتێکی ئەمریکا چوار کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتۆتەوە
دیمهشق – نۆرس پرێس
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی ئەلاباما ئێوارەی یەکشەممە ڕایانگەیاند، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردن لە ئاهەنگێکی لەدایکبوون لە شارۆچکەی دادڤیلی ویلایەتی ئەلاباما، چوار کەس کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەرپرسانیش هیچ وردەکارییەکیان نەخستووەتەڕوو کە تۆمەتبارەکە کێ بووە و بۆچی ئەو کارەی ئەنجامداوە و ناشزاندرێت کە ئایا تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە یاخود نا.
ئەوەی روونە لەم کەیسەدا ئەوەیە تەنها دەزانن تەقەکردنەکە پەیوەندی بە ئاهەنگێکی لەدایکبوونەوە هەبووە.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی ئەلاباما ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ڕووداوەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 28 کەسیش برینداربوون.
یەکێک لەو چوار کەسەی لە رووداوەکەدا کوژراوە، یاریزانێکی تۆپی پێ و وەرزشکاری ئەستێرەی قوتابخانەی ئامادەیی شارۆچکەکە بووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە کۆنگرێس کرد یاسایەکی “گونجاو” بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دەربکات، جگە لەم رووداوە رووداوێکی دیکەی هاوشێوە لە ویلایەتی کێنتاکیی روویداوە و دوو کوژراوی لێکەوتەوە.
بایدن گوتی: “گەلەکەمان جارێکی دیکە خەمباری رووداوی مردنی دڵتەزێنی چوار ئەمریکییە، لە ئاهەنگێکی لەدایکبووندا لە شاری دادڤیلی ویلایەتی ئەلاباما و هەروەها دوو کەسی دیکەش شەوی ڕابردوو لە پارکێکی گشتی لە شاری لویسڤیل کوژران.”
بایدن باسی ئاستی توندوتیژی بە چەک لەنێو ئەمریکادا کرد وتوڕەیی نیشاندا و گوتی: “قبوڵکراو نییە” ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکییەکان “کۆکن و دەیانەوێت یاسادانەران کار لەسەر چاکسازییە گونجاوەکانی هەڵگرتنی چەک بکەن.”