برینداربوونی دوو ئەندامی “هەسەدە” لە باکووری دێرەزوور
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، لە شارۆچکەیەکی باکووری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە هێرشێکدا بە چەکی ئۆتۆماتیکی کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی کردە ئامانج، برینداربوون.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” لە شارۆچکەی “ئەلحەریجی” لە باکووری دێرەزوور رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە ماتۆڕسکیلێکەوە و بە چەکی ئۆتۆماتیکی، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردە ئامانج، رووداوەکە لە نزیک دەروازەی گوندی لە “ئەلروبەیزە”ی سەر بە قەزای “ئەلحەریجی” لە گوندەواری باکووری دێرەزوور، روویدا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئامانجگرتنەکەوە، دوو شەڕڤانیان برینداربوون، دواتر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی لە شارۆچکەکە و گوتەی پزیشکێکی نەخۆشخانەکە “تەندروستییان باشە”.
سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕانەی کە لەلایەن “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە ئەنجام دەدرێت، لەم دواییانەدا گوندەوارەکانی دێرەزوور زیادبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکان بەخۆوە دەبینێت، کە ئەندامانی “هەسەدە” و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتییە ناودارەکانی هۆزەکان و دانیشتوانی سڤیل دەکەنە ئامانج.
پێرێ شەممەش، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، لە هێرشێکی چەکداریدا کە خاڵێکی پشکنینی “ئاسایش”یان کردە ئامانج لە دەروازەی شارۆچکەی “سور” لە لگوندەواری باکووری دێرەزوور، بریندار بوو.