تورکیا بەسەختی بوردومانی چەند گوندێک لە گوندەوارەکانی باکوری حەلەب دەکات

حەلەب – نۆرس پرێس

ڕۆژی یەکشەممە، هێزەکانی تورکیا و لایەنگرەکانیان بە دەیان گولە هاوەن و تۆپخانە چەند ناوچە و گوندێکی گوندەوارەکانی باکوری حەلەبیان بۆردومان کردووە.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، تۆپخانەکانی تورکیا لەسەر ڕێگای ئەعزار-یەحمول جێگیرکراون، و تۆپبارانی گوندەکانی ئەلمالکیە و شوارغە لە گوندەوارەکانی باکوری حەلەب دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە لایەنگرەکانی سەر بە تورکیا بە زیاتر لە 50 گولە هاوەن گوندەکانی مرعناز و علقمیە لە ناوچەی شەهبا بۆردومان کردووە.

بەپێی سەرچاوەکان، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی مرۆیی و بەگشتی ئەو بۆردومانەوە بڵاونەکراونەتەوە.

خەڵکی زۆربەی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا شاهیدی هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا دەدەن کە لە ڕێگەی تۆپخانە و بۆردومانی مووشەکییەوە ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج کە ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لەناوچەکەدا.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی