بەرپرسێكی بانكی ناوەندی: بۆ سپیكردنەوەی پارە كەرتی خانووبەرە زۆرترین مەترسی لەسەرە

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرپرسێكی بانكی ناوەندیی عێراق، لە بارەی ڕێكارەكانی چاودێریكردنی كارەكانی سپیكردنەوەی پارە روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، كەرتی خانووبەرە زۆرترین مەترسی لەسەرە لە عێراقدا، بەهۆی سوودەكانی كەرتەكە سەرنجڕاكێش بوون بۆ سپیكردنەوەی پارە.

محەمەد یونس بەڕێوەبەری گشتی بەشی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە ئاماژەی بەوەدا كە كەرتی خانووبەرە زۆرترین مەترسی لەسەرە لە عێراق، بەهۆی ئەوەی سوودەكانی كەرتەكە سەرنجڕاكێش بوون بۆ سپیكردنەوەی پارە و لە ئەنجامدا بانكی ناوەندی ڕێوشوێنی هاوتای ئەم مەترسیانە گرتەبەر، ئەمەش وایكرد ئەم كەرتە ببێتە پەناگەیەكی ناپارێزراو بۆ داهاتی تاوان.

ئەوەشی خستە ڕوو، رێكارەكان بە هاوكاری وەزارەتی داد و فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر لە بانك و سەنتەری عێراقی لە چوارچێوەی پلانێكی یەكگرتوودا بە قۆناغی یەك لە دوای یەك جێبەجێكراوە، بۆ ڕێگریكردن لە كاریگەری لەسەر دابینكردنی پارە و خواست لەسەر ئەو خانووبەرە و پارەدان بە بەكارهێنانی خزمەتگوزاری بانكی و بەرزكردنەوەی گشتگیری دارایی لە عێراق و گەرەنتی مافی هەردوو لایەن دەكات بۆ وەرگرتن و گەیاندنی پارە.

بەرپرسەكەی بانكی ناوەندی دەشڵێت، بۆ چاودێریكردنی ئەم ڕێكارانە، ستافی تۆماركردنی خانووبەرە و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕاهێندراون، بۆ چاودێریكردنی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر و ئەم ڕێكارانە وەكوو قۆناغێكی سەرەتایی بریتین لەوەی كە خانووبەرە سنووردارە بە 500 ملیۆن دینار، كە مەبەست لێی ئەوەیە كە بانكەكە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر لەم سەقفەدا، دوای ئەوە وردە وردە دادەبەزێت، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە نەبێت، ئەم ڕێوشوێنانە هاوكارێكی باشن بۆ كەمكردنەوەی كارەكانی سپیكردنەوەی پارە.

یەكێتی ئەوروپا عێراقی وەكو یەكێك لە وڵاتە مەترسیدارەكان لە لیستی وڵاتانی سپیكردنەوەی پارە داناوە.