کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە سودان ئەنجامدا
دیمهشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی نیسانی 2023، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە، لەسەر ئاستی نوێنەرانی هەمیشەیی، لەبارەی دۆخی سودان بەرێوەچوو، بە ئامانجی راگرتنی جەنگ لە وڵاتەکە.
هەریەکە لە میسر و سعوودیە داوایان کرد کە کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان ئەنجامبدات.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاندبوو کە پێشهاتە یەک لە دوای یەک و مەترسیدارەکانی سودان پێویستی بە ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە هەیە بۆ ڕاوێژ و هەماهەنگی نێوان وڵاتانی عەرەبی بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی هێورکردنەوەی قەیرانەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، قاهیرە هۆشداری دا لە مەترسی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سودان، لایەنە سودانییەکانیش بانگەوازی توندی نێودەوڵەتییان پێگەیشت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
محەممەد مستەفا، نوێنەری میسر لە کۆمکاری عەرەبی داوای لە لایەنە سودانییەکان کرد کە جەنگ ڕابگرن، لای خۆیەوە نوێنەری سودان ئاماژەی بەوەدا کە “ئەوەی ڕوویدا بابەتێکی ناوخۆییە، بەڵام هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی پێویستە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان”.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری سودانیش داوای ڕاسپاردەیەک بۆ جێهێشتنی بابەتەکە بۆ سودانییەکان کرد بەبێ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی.
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی وڵات و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ڕۆژی شەممەوە دەیان کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون کە خەڵکی سڤیلیان تێدایە.
رۆژی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتومی پایتەختی سوودان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
کۆمیتەی ناوەندی پزیشکانی سودان کە رێکخراوێکی سەربەخۆ و لایەنگری دیموکراسییە رایگەیاندوە، کۆی گشتی گیانلەدەستدانی مەدەنی گهیشتووهته 56 کەس، کۆی ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 595 کەس.