هاوپەیمانی: دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعش لە لایەن “هەسەدە”وە
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ شەممە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە روپەڕی خۆیان راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەیانیی رۆژی شەممە سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان لە دێرەزوور کردووە و “مەحموود سەید”ی سەرکردەی داعشیان دەستگیرکردووە.
بە گوێرەی راگەێنراوەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە راوێژ و پاڵپشتیی ئەوان “پلانێکی سەرکەوتوویان بۆ دەستگیرکردنی “مەحموود سەید” دارێژاوە، کە سەرکردایەتیی ژمارەیەک شانەی داعشی دەکرد”.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێ: ” ئەو شانانەی داعش، ئاسانکارییان بۆ ئەندامەکانیان لە بەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنیدا کردوووە و پارەیان بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی داعشیان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا کۆکردووەتەوە.”
جۆنانسن فێرەر، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا رایگەیاندووە: “سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەربەست بۆ تۆڕی چەک و دارایی داعش دروستدەکات”. دەشڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات “بە هاوبەشێکی گرنگمان لە تێکشکاندنی داعش دەمێنێتەوە”.
هەروەک هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە راوێژ و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانیان “بۆ فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکە.”