پانێڵێک بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژنە ئاوارەکانی سوریا و رۆژاڤا لەخۆ دەگرێت
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەمە، عزەدین ئەحمەد، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ڕاوێژکاری گشتی بۆ مافەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستان پەنابەرانی سوری لەخۆدەگرێت.
وتەكەی ئەحمەد بۆ نۆرس پرێس لە پەراوێزی سیمینارێكی دیالۆگیدا هات كە لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكخرابوو، لە شاری هەولێر، بۆ تاوتوێكردنی رۆڵی ژنان لە كۆمەڵگە و رێگا و شێوازەكانی بەهێزكردن و پشتیوانی و پاراستنیان.
لە ورک شۆپەکەدا لایەنەکانی پلانی نیشتمانی ژمارە 1325 کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ڕوونکرایەوە، کە ئامانجی پاراستن و بەهێزکردن و پشتیوانیکردنی ژنانە لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت ژنانی ئاوارەی ناو کامپەکان.
ئەحمەد وتیشی، “پلانی نیشتمانی سێ میحوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت، یەکەمیان میحوەری پاراستنە، بۆیە ئێمە تەرکیزمان کردە سەر ژنانیی ئاوارەی سووری لەناو خاکی هەرێمی کوردستان”
ئامانجی ئەم پانێڵە دابینکردنی پاراستن و پاڵپشتییە بۆ ئاوارەکانی سوریا، چونکە لەم دواییانەدا حکومەتی عێراق بەنیازی داخستنی کامپەکان بوو، ئەمەش نیگەرانی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بە وتەی ئەو بەرپرسە.
سەبارەت بە میکانیزمی پشتیوانی کە پێشکەش کراوە، ئەحمەد وتی “پلانەکە هەموو لایەنەکانی پشتیوانی ماددی و کۆمەڵایەتی، پرسەکانی پاراستن، یاسادانان، ڕێنمایی و یاساکان و هەموو شتێک لەخۆدەگرێت کە پەیوەندی بە ژنانی پەنابەرەوە هەیە لەناو کەمپەکاندا”.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەست بە چالاكی پشتیوانی بۆ ژنان دەكەین، بەو پێیەی پلانەكە گشتگیرە، هەروەها هەموو میحوەرەكانی پاراستن بۆ ژنان بەگشتی و سوریەكانی ناو كەمپەكان بەتایبەتی لەخۆدەگرێت.
لە ساڵی 2021 پلانی نیشتمانی ژمارە 1325 دەستی پێکرد و تا ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت، بە پاڵپشتی کۆمەڵێک ڕێکخراو و دامەزراوی نێودەوڵەتی کە پەیوەندییان بە مافەکانی ژنانەوە هەیە.