دەروازەی “گرێ سپی” دواین وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتییە خاوەن مۆڵەتەکان بۆ تورکیا دیاری دەکات
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، بەڕێوبەری دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رەققە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی وەک دوایین وادەی گەڕانەوە بۆ هەڵگرانی کارتی نیشتەجێی کاتی (کیملیک) لە پارێزگا زیانلێکەوتووەکانی تورکیا راگەیاند.
بەڕێوبەری دەروازەکە لە ئاگادارییەکدا کە لە روپەڕی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 21ی ئەم مانگەوە دەروازەکە بەڕووی هاتوچۆی ترانزێتدا دادەخرێت بۆ هاتن و رۆشتن، لە 24ی هەمان مانگدا دەست پێدەکاتەوە، بەڵام تەنها بۆ گەڕانەوە بۆ تورکیا.
دوای ئەو بوومەلەرزەیەی مانگی شوباتی رابردوو سوریا و تورکیای گرتەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا رێگەیان بەو هاوڵاتییە سوریانەدا کە نیشتەجێی ناوچەکانی “غازی عەنتاب، کیلیس، مەرەش، هاتای، عوسمانی، ئادیەمان، ئورفا، دیاربەکر، مەلاتیا، ئەدەنە، ئێلازیگ”ن و هەڵگری “کارتی نیشتەجێی کاتین” کە بتوانن سەردانی سوریا بکەنەوە.
ماوەی مۆڵەتەکە لانیکەم سێ مانگە و زۆرترین کاتی بۆ شەش مانگە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چالاکوانانی سوریا لە تورکیا گومانیان هەبوو کە رێگە بە دووبارە گەڕانەوەیان نەدرێت بۆ تورکیا.