دوای جەزائیر.. وەزیری دەرەوەی سوریا بەرەو تونس و عێراق بەڕێدەکەوێت
دیمهشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی نیسانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی تونس ڕایگەیاند، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، دوای سەردانەکەی بۆ جەزائیر، سبەی دووشەممە، سەردانی وڵاتی تونس دەکات.
رۆژی شەممە، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە جەزائیر کە گەشتەکەی بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە چوارچێوەی سەردانەکانی بۆ چەند وڵاتێک لەوانە تونس و عێراق.
ڕۆژنامەی “الوطن”ی نیمچە فەرمی ڕایگەیاندووە، مقداد ئامادەی پێشهاتەکانی پەیوەست بە دۆخی سوریا و بۆچوونەکانی وڵاتانی عەرەبییە لە بارەی گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ کۆمکاری عەرەبی.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد، مقداد وەک ناونیشانی سەرەکی باس لە ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکات لە هەر سێ پایتەختە عەرەبییەکە.
سوریا و تونس ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی خۆیان، ئەمەش دوای 11 ساڵ لە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی تونس بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سەرکوتکردنی کوشندە لەسەر خۆپیشاندەرانی دژبەری بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا.
هەنگاوە دیپلۆماسییە چڕەکانی ئەم دواییە زیاتر گۆشەگیریی سوریایان لە جیهانی عەرەبیدا چەسپاندوە کە لە شەڕی ناوخۆی دە ساڵەی خۆیەوە سەریهەڵدا، کە سەدان هەزار کەسی کوشت و ژمارەیەکی زۆر لە زلهێزە بیانییەکان کۆکردەوە و وڵاتەکەی دابەشکرد و ناوچەکەی فراوانتر ناسەقامگیری کرد.
جگە لەوە سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، سعودیە بەنیازە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بانگهێشتی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بکات کە بڕیارە لە 19ی ئایاردا ڕیاز میوانداری بکات، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە ڕێبازی ناوچەکە بەرامبەر بە ململانێی سوریا.