کاپتاگۆن و ئێران.. کۆدەنگییەکی عەرەبی نییە بۆ ئەوەی بەڕووی دیمەشقدا بکرێتەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن و عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ئەندامێتی تەواوەتی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئەمەش بەهۆی چەند کێشەیەکەوە کە هێشتا پێویستە چارەسەر بکرێن، لەوانە حەپی کاپتاگۆن و بڵاوبوونەوەی چەکی ئێران لەو وڵاتە .

  ئەمەش لە لێدوانی کۆتایی بەشداربووانی کۆبوونەوەی جەدەدا دیار بوو، هەروەها سنووردار بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر قەیرانەکان و جەختکردنەوە لەسەر چارەسەری سیاسی، واتە وڵاتانی عەرەبی پەیامێکیان بۆ دیمەشق نارد و تیایدا ئاماژەیان بەوە کرد کە ئاساییکردنەوە نییە بەبێ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ چەند پرسێکی هەڵپەسێردراو.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن و عێراق، هەینی ڕابردوو، لە جەدە کۆبوونەوە  لەبارەی پرسی دەستپێکردنەوەی ئەندامێتی تەواوی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بەڕێوەچوو کە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوەیت و عومان لەخۆدەگرێت.

لە راگەیەندراوەکەی جەدەدا باس لە پرسی گەڕاندنەوەی ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی نەکراوە، کە بابەتی کۆبوونەوەی وەزارییەکان بووە، هاوکات لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی ڕاوێژکارییەکانی نێوان وڵاتانی جیهانی عەرەبی بۆ دۆزینەوەی میکانیزمەکان کۆک بوون کە یارمەتی ئاساییکردنەوەی دۆخی وڵات دەدەن.

لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ناکۆکییەکی عەرەبی هەیە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ئەم دواییەی سعودیە لەگەڵ دیمەشق، کە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی ڕوون بووەوە، کە ڕۆژی هەینی لە شاری جددەی سعودیە بەڕێوەچوو، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەرگرتنەوەی سوریا بۆ کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی.

هەندێک وڵات هەنگاویان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق و ئەمەش ئەوەیە کە تورکیا لە ئێستاوە دەیکات، بەڵام ئەمە بە پرۆسەی یەکتربڕینی بەرژەوەندییەکان ڕوون دەکرێتەوە، لەکاتێکدا وڵاتانی دیکە دژایەتی پرۆسەی لێکنزیکبوونەوە دەکەن لە سەردەمێکدا کە دیمەشق هیچ هەنگاوێکی بەرەو چارەسەری سیاسی نەناوە .

ڕاپۆرتەکەی بەریتانیا لە زاری دوو بەرپرسی ئاگادار لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، دژایەتییەکی توند هەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی سعودیە لەلایەن وڵاتانەوە، لەوانە قەتەر، کوەیت و ئوردن، کە هەموویان پرسیاریان لەبارەی گەڕانەوەی دیمەشقەوە کردووە.

پرسی ماددە هۆشبەرە سورییەکە کە بە حەبی کاپتاگۆن ناسراوە، بابەتێکی مشتومڕە کە دیمەشقی دووچاری کۆسپ کردووە، لەکاتێکدا لە ڕێگای گەڕانەوەدایە بۆ “باوەشی وڵاتانی عەرەبی”.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئاماژەیان بە جێگیرکردنی هێز و میلیشیاکانی ئێران لەو وڵاتە کردووە، هەروەها کاریگەرییان بەسەر سەرۆکی ئەو وڵاتەوە هەیە.

بە خوێندنەوەی بەیاننامەی کۆتایی جەدە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم دوو فایلە پێشتر تاوتوێ کراوە، کاتێک تیشکی خستە سەر پێویستی ڕۆیشتنی میلیشیاکان و هێزە بیانییەکان، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە دۆخی مرۆیی و پەنابەران.