پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکات.

بە گوێرەی لێدوانی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق  بۆ ئاژانسە ناوخۆییەکان، هەرچەندە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دیاری نەکراوە، بەڵام ئاگادار کراونەتەوە کە کاتژمێر 8:00ی ئەمشەو خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەکە دەکرێت و دواتر کات دیاری دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە.

رۆژی 5ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە گشتیی 2023 کرد، دوای خوێندنەوەی یەکەم، پڕۆژەیاسای بودجە نێردرایە لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق بۆ ئەوەی تاوتوێى پڕۆژەیاساکە بکەن و راپۆرت لەبارەیەوە ئامادە بکەن بۆ خوێندنەوەى دووەم کە قۆناخى بەر لە پەسەندکردنییەتى لە رێگەى دەنگدانەوە.

پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق کە بۆ ماوەى سێ ساڵ کاری پێدەکرێت، کە قەبارەکەى زیاترە لە 199 ترلیۆن دینار و پشکى هەرێمى کوردستانی تێیدا بە رێژەی 12.6٪ـی کۆی بودجەکە دیاریکراوە کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە.