کەسێک لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب کوژرا

ئەلباب – نۆرس پرێس

رۆژی شەممە، لە شاری ئەلباب لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب لە باکوری سوریا، کەسێک لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرا.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، 4 چەکدار ئاوارەیەکی خەڵکی دێرەزووریان بە ناوی عەلی حەسەنی کۆشتووە دواتر پارەکەیان بردووە و هەڵهاتوون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوارەکانی دێرەزوور رێگایان داخستووە و خێمەیان لە نزیک بازنەی ناوەند لە سەنتەری شارەکە هەڵداوە، داوایان کردووە ناسنامەی بکوژەکان ئاشکرا بکرێت و سزاش بدرێن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو چەکدارانە سەر بە فیرقەی حەمزەن لە فەیلەقی دووی سوپای نیشتمانی لایەنگری تورکیا، بەڵام  سەرکردایەتی فەیلەق ئەم هەواڵەی ڕەتکردووەتەوە و باسی ئەوەی کرد کە چەند مانگێک لەمەوبەر ئەو چەکدارانە لە فەیلەقەکە دوورخراونەتەوە .

سەرچاوەکە گوتیشی، چالاکانی شارەکە داوای خۆپیشاندان دەکەن و دەڵێن، ئەو کەسانەی کە دەستیان لە کۆشتنەکەدا هەبووە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن.

شاری ئەلباب لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب لە ساڵی 2017ەوە  لەژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی سەر بە تورکیادان.

ئەو ناوچانەی کە گرووپەکانی سەر بە تورکیا کۆنترۆڵیان کردووە، رەوشی ئەمنیان ناجێگیرە و بەردەوام شەڕ و تەقینەوە تێدا ڕوودەدەن، دەسەڵاتدارانی ئەمنی ناتوانن  کۆنترۆڵی ئاسایشی ئەو ناوچانە بکەن.