ئەندامێکی ئاسایش لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە، لە باکوری دێرەزوور بریندار بوو
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە شارۆچکەیەکی باکوری دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بریندارکرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شارۆچکەی ئەلسور کە ٧٠ کیلۆمەتر لە باکووری دێرەزوورەوە دوورە، ڕایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو بە ماتۆڕسکیلێکەوە بە چەکی دۆشکە بازگەیەکی ئاسایشیان لە نزیک گۆڕەپانی شارۆچکەکە کردە ئامانج، لەئەنجامدا ئەندامێکی ئاسایش برینداربوو، دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شارۆچکەکە و باری تەندروستی جێگیرە.
لەم دواییانەدا، لە گۆندەوارەکانی دێرەزوور تیرۆرکردنی هێزەکانی هەسەدە وکارمەندانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر و کەسایەتییە ناودارەکانی خێڵ و خەڵکی مەدەنی زیادبووە، سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕانەی کە لەلایەن هێزەکانی هەسەدە ئەنجام دەدرێن.
رۆژی 11ی نیسان، لە شارۆچکەی دەحلە، لە گۆندەوارەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور، هاوڵاتییەکی مەدەنی بە تەقەی چەکدارانی نەناسراو بریندار بوو.