ئەو گەنجەی بەڵگەنامەکانی پێنتاگۆنی دزەپێکردبوو دەستگیرکرا

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

لە ئەمریکا و جیهاندا مشتومڕێکی زۆر هەیە سەبارەت بەو گەنجە ئەمریکییەی کە تۆمەتبارە بە دزەپێکردنی بەڵگەنامە هەستیارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە ساتی دەستگیرکردنی گەنجەکەی تێدایە.

گەنجەکە تەمەنی 21 ساڵە و ناوی جاک تشێرایە پێشتر لە بەشی هەواڵگری بنکەی سەربازی نیشتیمانی ماساچوسێتس کاری کردووە، شارەزای تەکنەلۆژیای زانیاریشە.

ئەو ڤیدیۆیەی رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە ساتی دەستگیرکردنی ئەو گەنجە نیشان دەدات کە شارۆچکەی دایتن لە ویلایەتی ماساچوسێتس لە باکوری رۆژهەڵاتی ئەمریکا دەستگیرکرا.

جاک تشێرا لەگەڵ 12 هاوڕێی نزیکی خۆی لە گروپێکیان بەشێوەی ئۆنلاین دروستکردبوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دیسکۆرد لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی پێنتاگۆنی بەشێوازی فۆتۆ لەوێ بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان نازانرێت.

ئەو بەڵگەنامانەی ئەو گەنجە بڵاوی کردبوونەوە، زانیاریی نهێنی لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و سیخوڕیکردنی ئەمریکا بەسەر چەند سەرکردەیەکی جیهان لەنێویان سەرۆکی ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی وەکو ئیسرائیل و کۆریای باشوور و میسری تێدابووە.

تشێرا بۆ یەکەمجار ڕۆژی هەینی لە دادگای فیدراڵی ئامادەبوو، دەسەڵاتداران تۆمەتباریان کردووە دزەپێکردنی بەڵگەنامە و کەرەستەی نهێنی، ئەگەر تاوانبار بێت، ئەم گەنجە تەمەن 21 ساڵە بۆ ماوەی 15 ساڵ  لە پشت مێزی دادگا زیندانی دەکرێت و لێبوردن نایگرێتەوە.

خێزانی تشێرا مێژووی خزمەتکردنی سەربازییان هەیە و هاوڕێکانی دەڵێن کە لە مێژە ویستویەتی پەیوەندی بە هێزی سەربازییەوە بکات، ئەمەش پرسیاری زیاتر لەسەر ئەوە دەوروژێنێت کە بۆچی تۆمەتبارەکە ویستویەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بە دزەپێکردنی فایلەکانی بخاتە مەترسییەوە.