لە کامپێکی ئیدلب، شەڕ روویدا 6 کەس کوژران

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ژمارەی کوژراوانی شەڕەکەی نێو کەمپی ئەلکەرەمە لە شارۆچکەی ئەتمە لە باکووری ئیدلبی سوریا بۆ شەش کەس بەرزبووەوە، دوای ئەوەی دوو لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەستدا، هاوکات دەستەی  تەحریر ئەلشام (بەرەی نوسرە) دەرگەی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی کەمپەکەی داخست و هەڵمەتێکی دەستگیرکردن دەستپێکرد.

سەرچاوەکانی دەزگا ئەمنییەکانی کەمپی ئەتمە لە باکووری ئیدلب بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، پێنج لە کوژراوەکان لە یەک بنەماڵەن (نەجار) کە پێشتر سێیان راستەوخۆ لە شوێنی شەرەکە گیانیان لەدەستداوە  دوو گەنجی دیکەش دواتر بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە ئەمرۆ شەممە 15ی نیسان 2023  گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوەکان دەلێن، کە دەستەی تەحریر شام، دەرگەکانی چوونە ژوورەوەی کەمپەکەی داخستووە، هەروەها 12 کەسی لە بنەماڵەی “ئەلساری” دەستگیرکردووە کە بەشدارییان لە شەڕەکەدا کردووە.

سەرچاوەیەکی دیکە لە نێو کەمپی ئەلکەرەمە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەگەری زۆرە ژمارەی کوژراوان زیاتر ببێتەوە، چونکە برینی هەندێک لە بریندارەکان زۆر سەختە.

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، ئەمە دووەم پێکدادانی لەم جۆرەیە لە نێو  کەمپی ئەلکەرەمە روودەدات، بەڵام ئەوەی ئەم جارە خوێناویترین پێکدادانە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە بەرەی نوسرە رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی گران و سوک لە نێو دانیشتوانی نێو کامپەکە نەکردووە.