دوای بیستنی تەقینەوەیەک، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە شوێنی رووداوەکە دوورخرایەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ شەممە میدیاکانی ژاپۆن رایانگەیاند، فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، سەلامەتە و هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە، دوای ئەوەی لە بەندەرێکی ماسیگرتن لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا تەقینەوەیەک دەنگی دایەوە، کیشیداش خۆی بۆ پێشکەشکردنی وتارێک ئامادەکردبوو.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ژاپۆن، کەسێک لەو شوێنەی رووداوەکەی تێدا روویدابوو لە ڕۆژئاوای ژاپۆن دەستگیر کراوە کە بڕیار بوو کیشیدا لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا وتارێک پێشکەش بکات.

چەند ڕاپۆرتێک لەوانە ئاژانسی فەرمی کیۆدۆی ژاپۆن ڕایانگەیاندووە کە وادیارە “نارنجۆکێکی دوکەڵ” فڕێدراوە، ئەمەش بووەتە هۆی پشێوی لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئامادەبووان دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەکە، بەڵام هیچ نیشانەیەکی دەستبەجێ بۆ برینداربوون و زیانگەیاندن لە شوێنی ڕووداوەکە دەرنەکەوتووە.

تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر ڕووداوەکە نەدۆزراوەتەوە و پۆلیسی ناوچەکە ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی تەمموزی 2022، شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێکی دەرەوەدا لە شاری نارا لە ڕۆژئاوای ژاپۆن، کەوتە بەر گولەیەکی کوشندە و تۆمەتبارەکە لە شوێنی ڕووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و دواتر تۆمەتبارکرا بە کوشتنی پلە یەک.