لاڤرۆڤ: هیچ پێشمەرجێک بۆ کۆبوونەوەی ئاساییکردنەوەی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە نییە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، سوریا، ئێران و تورکیا، بەڵام بەبێ مەرجی پێشوەختە.

لاڤرۆڤ دوێنێ هەینی، 14ی نیسانی 2023، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لەسەر پێوەرەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، سوریا، ئێران و تورکیا (لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە) دەکرێت.

لە کاتێکدا دیمەشق داوا لە ئەنقەرە دەکات هێزەکانی تورکیا لە هەموو خاکی سوریا بکشێنێتەوە وەک مەرجێک بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: “هەڵوێستی ئێمە زۆر سادەیە – پێشمەرجەکان لێرەدا گونجاو نین”.

بڕیارە کۆبوونەوەی چوارقۆڵییەکە سەرەتای مانگی داهاتوو لە مۆسکۆ، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەبچێت.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە ڕێککەوتنی پێشوەختە لەسەر بەروار و شوێن و پێوەرەکانی کۆبوونەوەکە هەیە.

پێشتر مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی هیچ مەرجێکی پێشوەختە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا قبوڵ ناکات، لەوانە کشانەوەی هێزەکانی لە خاکی سوریا.

لە میانەی ڕاوێژکارییەکانی مۆسکۆ لە 3 و 4ی نیسان، جێگری وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵات تاوتوێی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی وەزیران کرد.

مەبەست لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە گەیشتنە بە وادەی لوتکەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد، بەمەش کۆتایی بە سەردەمی 12 ساڵەی دوورکەوتنەوە لە نێوان ئەنقەرە دێت کە پشتیوانی لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات، لەنێویاندا لایەنە توندڕەوەکان و دیمەشق کە لەلایەن ڕووسیا و ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.