لە ئەنجامی شەڕی دوو بنەماڵەدا کوژراو وبرینداری لێکەوتووەتەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا لە کەمپێکی ئاوارەکان لە نزیک سنووری سوریا و تورکیا لە باکووری ئیدلیب روویداوە، بەوهویەوە چوار کەس کوژڕان و چەند کەسێکی تریش برینداربوون.

سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانێکدا کە دۆشکە بەکارهێنراوە، لە کەمپەکانی کەرامە لە نزیک شارۆچکەی ئەتمە، لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا لە باکووری ئیدلیب، چوار کەس کوژران، سێ لەو کوژراوانە لە یەک خێزان بوون و حەوت کەسیش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشدا، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلهەدایە لە شارۆچکەی قاح و نەخۆشخانەی باب ئەلهەوا، هەندێک لە بریندارەکان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەو دوو خێزانە خەڵکی شارۆچکەی ترێمسەن لە گوندەوارەکانی باکووری ڕۆژئاوای حەما، ناکۆکی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بۆ کێشەی پارچە زەویەک دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا، دوای ڕووداوەکە، گروپەکانی سەر بە تورکیا هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان لە دژی خەڵکی ناوچەکە دەستپێکردوە.

ئامادەکردنی: موئەیەد شێخ – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی