لوبنان پێشوازی لە بەیاننامەی هاوبەشی سعودیە و سوریا دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان پێشوازی لە بەیاننامە هاوبەشەکەی سوریا و سعودیە دەکات کە لە دوای سەردانەکەی فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا  بۆ سعودیە بڵاوکراوەتەوە.

رۆژی چوارشەممە لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا سعودیە و سوریا ، دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان و گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان ڕاگەیاند، کە بەهۆی شەڕی بەردەوامی سوریا  لە ساڵی 2011وە ڕاگیرابوون.

لەبەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، لوبنان نزیک بوونەوەی سعوودیه و سووریا  به ڕز دەنرخێنیت بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوولا لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان بۆ زێدی خویان، هەروەها ئامادەیی لوبنانی بۆ کۆتاییهێنان بە ئازاری ئاوارەکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند.

ئاماژەی بەوەشدا، پشتیوانی و هاندانی هەموو هەوڵێکی عەرەبی دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا  که یەکپارچەیی خاک و سەروەری و سەقامگیری وڵاتەکەی بپارێزرێت.

باسی لەوەشکرد، پشتگیری لە درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو ناوچەکانی سوریا دەکات، بە شێوەیەک کە هیوا و خواستەکانی سورییەکان بۆ ژیان بە سەلامەتی و سەقامگیری دەستەبەربێت.

دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە مەسقەت، پشتیوانی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و سعودیە و گەڕانەوەی سوریا بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی دوای  دوورکەوتنی زیاتر لە 12 ساڵی راگەیاند.

ئامادەکردن وداڕشتنەوە: سەعەد یازچی