سەڵاحەدین دەمیرتاش : دەنگی کورد ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەبێت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری کورد و سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، ڕایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا کە بڕیارە مانگی ئایار بەڕێوە بچێت، تورکیا لەبەردەم دەرفەتێکی گەورەدایە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان.

لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو، دەتوانێت ڕێگری لە دروست بوونی دیکتاتۆریەت بگرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش کە سەرکردایەتی سێیەم گەورەترین پارتی تورکیای دەکرد، لە ساڵی 2016 بە تۆمەتی پشتیوانی لە تیرۆر سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

دەمیرتاش لە وەلامی ئەو پرسیارانەی لە رێگای پارێزەرەکەیەوە ئاراستەی کراوە، ڕایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت، تورکیا بەرەو جۆرێکی نوێ لە دیکتاتۆریەت دەچێت.

دەنگی کورد لە تورکیا 18%ی پێکدێنێت، ڕۆڵێکی سەرەکی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا دەبینێت کە بڕیارە لە 14ی ئایاردا بەڕێوەبچێت.

هەدەپە نەچووە نێو هاوپەیمانی شەش قۆڵی بە سەرۆکایەتی کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری کە ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغانە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.

بەڵام پارتی دیموکراتی گەلان ئامادە نەبوو هیچ کەسێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید بکات بۆ ئەوەی دووبەرەکی نەکەوێتە نێو ئۆپۆزسیۆن، لەوبارەیەوە دەمیرتاش باسی لەوەکرد، کە هیچ لایەنێک بێ پاڵپشتی دەنگدەرانی کورد توانای هاتنە سەر دەسەڵاتی نەبێت، لەم هەڵبژاردنەشدا دەنگی کورد یەکلاکەرەوە دەبێت.

ئەردۆغان سەڵاحەدین دەمیرتاشی بە تیرۆریست وەسف کرد و تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە کە بە شێوەیەکی پاوانخوازانە حوکمڕانی وڵات دەکات و ڕایگەیاند، پارتەکەی لە ساڵی 2003 وە بە ڕێگەی دیموکراسی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

تورکیا چاوپۆشی لە بڕیارێکی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد کە ساڵی 2020 دەرچووە و تێیدا باسی لە ئازادکردنی دەمیرتاشی کردووە.

هەدەپە لەژێر ئاڵای پارتی “چەپی سەوز” کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی خستەڕوو.

هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی کلیچدارئۆغڵو لە ترسی لەدەستدانی دەنگی ئەو ناسیۆنالیستە تورکانەی کە پشتیوانیان دەکەن، ڕەتیکردەوە کە بە شێوازی فەرمی  باوەش بو کاندیدەکانی هەدەپە بکاتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: عەگید مشمش