50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال تەرخاندەکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال تەرخانکردووە لە چوارچێوەی بنیات نانەوەی قەزاکە و گێڕانەوەی ئاوارەکان.

باسی لەوەشکرد، 40 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان هەن و جگە لە ناوەندی پارێزگای موسڵ هیچ کەمپێکی ئاوارەکان لە هیچ پارێزگایەکی عێراقدا نەماوە.

دەشڵێت، وەزارەتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە ئیدارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە نییە و تەنها پاڵپشتییان دەکات و خۆراک و پێداویستییان بۆ دابین دەکات.

ئیڤان گوتیشی، بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان پەیوەندیدارە بە بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگالەوە.

لە ساڵی 2014وە بەهۆی شەڕی داعشەوە هاوڵاتییانی چەند پارێزگا و قەزایەکی عێراق، بەتایبەتی پارێزگای موسڵ و قەزای شنگال ئاوارە بوون و لە ئێستادا کامپی ئاوارەکان تەنها لە هەرێمی کوردستان ماوەتەوە و سەرجەم کامپەکان لە موسڵ داخراون.