بەرگری ئەمریکا وردەکاری نوێ لەسەر بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەخاتەڕوو

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، پات رایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، ئەو مووشەکانەی هەفتەیەک لەمەوبەر ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرابوون، “تەنها 100 مەتر لە شوێنی هێزەکانمانەوە دوور بوون”.

رایدەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند، “لێکۆڵینەوە لە رووداوی بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین” ئاماژەی بەوەشکرد، “هاوپەیمانیمان لە ساڵی 2014ەوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).”

راشیگەیاند، “هێزەکانمان بەهۆی  بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هیچ زیانێکی ماددی و مرۆیییان نەبووە”.

لەوبارەوە زیاتری گوت، “رۆژی حەوتی نیسان کاروانێکی هێزەکانی ئەمریکی لە نزیک شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج” و دەشڵێت “وەک دەزانن هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراقن بۆ یارمەتیدانی هێزە ناوخۆییەکان بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی داعش”. “

ئاماژەی بەوەشکرد، “هێزەکانمان بەشداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراقدا ناکەن، بەڵکو ئەرکەکەیان لەسەر بنەمای راوێژ و راهێنانە بەو هێزانەی لەوێدان، هەروەها هێزێکی سەر بە ئێمە لە سوریا هەیە، کە هاوکاری پێشکەش بە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئامانجەکانمان لە هەردوو وڵاتدا نەهێشتنی ڕیشەیی داعشە”، گوتیشی “فەرماندەی گشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات”.

بۆردومانەکەی تورکیا کاروانی ئەمریکی و فەرماندەی گشتی “هەسەدە”، مەزلوم عەبدی کردە ئامانج، پێشتریش عەبدی بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو کە لە کۆبوونەوەی هەماهەنگیدا بوون لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

پێشتر سەرکردایەتی ئەمریکا و پنتاگۆن بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەکەیان سەرکۆنەکردبوو، بەبێ ئەوەی پشتڕاستبکەنەوە کە تورکیا لە پشت ئەو بۆردومانەوە بووە، هاوکات حکومەتی عێراق داوای لە تورکیا کرد داوای لێبوردنێکی فەرمی بکات و “هێرشە ئاشکراکانی” رابگرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش