سەدر رەوتەكەی بۆ ماوەی ساڵێک سڕكرد

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر، بە مەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی  هەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر داخست و رەوتەکەی بۆ ماوەی ساڵێک سڕکرد.

کاتژمێرێک بەر لەداخستنى هەژماری تویتەرەکەى، سەدر تویتێکى کرد و تێیدا سڕکردنى سەرجەم چالاکییەکانی رەوتى سەدرى بۆ ماوەى ساڵێک راگەیاند، جگە لە نوێژى هەینى و دوو دامەزراوەى ئایینى رەوتەکەى. هاوکات مەزارى محەممەد سادق سەدرى باوکى تاوەکو دواى جەژنى رەمەزان داخست. سەدر دەڵێت، ئەو بڕیارە لە کاتی دەرچوونییەوە “دەستبەجێ جێبەجێبکرێت.”

 موقتەدا سەدر لە دواین تویتیدا، بەر لە داخستنی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سڕكردنی رەوتی سەدری راگەیاند و هۆكارەكەشی بۆئەوە گەڕاندەوە، كۆمەڵێك گەندەڵ لەنێو رەوتەكەدان و نوسیویەتی، “هەڵەیە ئەگەر من چاكسازیم بۆ عێراق بوێت، بەڵام نەتوانم چاكسازی لە رەوتی سەدر بكەم”.

موقتەدا سەدر دەشڵێت، ئەگەر بەردەوام بێت لە سەرۆکایەتیى رەوتى سەدر و “ئەهلى قەزیە” و “خراپەکار” و “تاوانکار”ى تێدابێت، ئەوە دژە بە یەکە و دەڵێت: “چاکسازبم بۆ عێراق و نەتوانم رەوتى سەدر چاکبکەم، ئەوە تاوانە.”