کابوسی مادەی هۆشبەری سوریا بەردەوامە.. ئوردن ئۆپەراسیۆنێکی نوێی قاچاخچێتی بۆ ناو خاکەکەی پووچەڵ کردەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ڕۆژی چوارشەممە، 12ی نیسانی 2023، سوپای ئوردن لە ناوچەی سەربازی ڕۆژهەڵات، هەوڵێکی دزەپێکردن و بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر کە لە خاکی سوریاوە هاتبوو، پووچەڵکردەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی فەرمی لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن بە ئاژانسی هەواڵی ئوردنی ڕاگەیاند، “هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە هەماهەنگی لەگەڵ خزمەتگوزارییە ئەمنییە سەربازییەکان و بەشی ماددە هۆشبەرەکان، لەڕێگەی چاودێریکردن و بەدواداچوون توانیان هەوڵەکەی ئەو گروپە شکست پێبهێنن کە دەیانویست لەرێگەی سنوورەوە لە خاکی سوریاوە بۆ ئوردون ماددەی هۆشبەر بگوازنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێزی وەڵامدانەوەی خێرا و هێزی رووبەرووبونەوە توانیان رێگریان لێبکەن، هەندێکیان دەستگیربکەن و ئەوانەی دیکە بەرەو خاکی سوریا پاشەکشەیان کرد و هەڵهاتن.

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دوای چڕکردنەوەی گەڕان و پشکنینی ناوچەکە، توانرا ماددەی هۆشبەر و چەکێکی کڵاشینکۆف بدۆزنەوە، جگە لە بڕێکی زۆر تەقەمەنی، هەروەها ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە گواستراوەتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە سوپای ئوردن بەردەوامە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو هێز و پتەوییەک لەبەرانبەر هەر هەڕەشەیەک لە بەرە سنوورییەکان، هەروەها هەر هەوڵێک بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری ئاسایشی ئوردن و تیرۆرکردنی دانیشتووانەکەی بێت رووبەڕووی دەبنەوە.

چەند وڵاتێکی دراوسێی سوریا بەدەست کێشەی هەوڵدان بۆ بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو وڵاتەکانیان ئەوداڵ بوون، ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی بڵاوبوونەوەی گەورە و زیادەڕۆیی لە چوارچێوەی زەوییەکانی سوریادا، بەو پێیەی بڵاوبوونەوەیان بووەتە هۆی کێشە و ناڕەحەتی بۆ دانیشتوانی سوریا و حکومەتەکانی وڵاتی دراوسێشی.