وەزیری دەرەوەی سعودیە و پێدەرسن باسی قەیرانی سوریا دەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی چوارشەممە، فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گەیر پیدەرسن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، دۆسیەی قەیرانەکانی سوریایان تاوتوێ کرد.

ئاژانسی ڕاگەیاندنی سعودیە بڵاویکردەوە، کە فەرحان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ئەنجامداوە، تێیدا باسیان لە ڕێگاکانی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا و ئەو هەوڵانە کراون کە لەو بارەیەوە دەخرێنەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرحان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لەمیانەی پەیوەندییەکەدا، پەرۆشی سعوودیە بۆ خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکانی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا کراوەتەوە کە ئەویش لەپێناو پاراستنی یەکڕیزی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

پێشتر فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، لەسەر بانگهێشتی فەرمی هاوتا سعودییەکەی، فەیسەڵ فەرحان، سەردانی شاری جدەی سعودیە کردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی