تەنها 10 ماوە بۆ جەژنی ڕەمەزان و نرخی شیرینی لە قامیشلۆ رۆژ بە رۆژ بەرز دەبێتەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمساڵ لە بازاڕەکانی شاری قامیشلۆ، لە رۆژئاوای کوردستان، نرخی شیرینی و شیرەمەنییەکان بۆ جەژن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە ئەمە لەکاتێکدایە 10 رۆژ ماوە بۆ یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان.

نرخی یەک کیلۆ شەکری سوری دەرەجە یەک 35 هەزار لیرەی سوری تێپەڕاندووە و نرخەکانیش بەپێی جۆر و کوالێتی ماددەی دروستکراو جیاوازن و دەگۆڕێن.

ئالان عوسمان، کە خاوەن دوکانێکی فرۆشتنی شیرینییە لە بازاڕی قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، گوتی: “دۆلار 7 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە، کاریگەرییەکانیش هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئەو بابەتانەی لە میوانداریکردنی جەژن بەکاردەهێندرێن”.

بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو نرخەکان بەرێژەی زیاتر لە سەدا 50 بەرزبوونەتەوە، ئەگەر کیلۆیەک شیرینی بە 15 هەزار لیرە بفرۆشرایە، ئەمڕۆ 35 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە.

عوسمان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بازاڕەکە شیرینی سوری و ئێرانی و ئۆکراینی پێشکەش دەکات و نرخەکانیش بەپێی کوالێتی جیاوازن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە کارگەکانی ناوخۆی هەرێم جۆرەها شیرینی و بەرهەمی دیکەی تایبەت بۆ جەژنیان دروستکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بژێوی ژیانی خەڵکەکە بگونجێت و نرخەکەشی بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی 12 هەزار لیرەیە.

ئەو فرۆشیارە باسی لەوەشکرد کە دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو ناوچەکەی گرتەوە، کارگە دیارەکانی نێو دیمەشق و حەلەب کارەکانیان راگرت و ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

هاوکات مەروان ناسر خاوەنی دوکانێکی شیرینی و هەویرەمەنییەکانە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئێستا خەڵک شیرینی کەمتر دەکڕن، و پێیان باشە جۆرێک بکرن کە نرخەکەی تاڕادەیەک هەرزان بێت و لەگەڵ بژێوی و مەعیشەتی ئەوان بگونجێت.