باڵیۆزی سوریا لە تونس دەستبەکاردەبێت

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

حکومەتی سوریا کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تونس ڕاگەیاند و دەڵێت کە “بەمزووانە” باڵیۆزەکەی لەوێ دەستبەکاردەبێت.

ڕۆژی چوارشەممە 12ی نیسانی 2023، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوان سوریا و تونسدا هەردوولا رایانگەیاندبوو “لە وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک کۆماری تونس، قەیس سەعید بۆ دەستیشانکردنی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە دیمەشق، سوریاش بڕیاریدا باڵیۆزخانەکەی لە تونس بکاتەوە و باڵیۆزێک دابنێت”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لەپێناو بەرژەوەندی هەردوولا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تونس بۆ ڕێڕەوی ئاسایی خۆیان، ڕاوێژ و هەماهەنگی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بەردەوامە، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستایەتییەکانیان”.

چوارشەممەی ڕابردوو، نەبیل عەمار، وەزیری دەرەوەی تونس، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا سورییەکەی، فەیسەڵ میقداد، بڕیاری سەرکردایەتی تونس بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتی باڵیۆزخانەی تونس لە دیمەشق ئاگادارکردەوە  بۆ دانانی باڵیۆزێک لە سەرۆکایەتیەکەی.