برینداربوونی دوو هاوڵاتی سڤیل بە بۆردومانی درۆنێکی تورکی لە عەین عیسا

عەین عیسا – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، دوو هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، بە بۆردومانی درۆنێکی تورکی بۆ سەر شارۆچکەی عەین عیسا کە 50کم لە باکووری ڕەققەوە دوورە.

سەرچاوەیەک لە دانیشتوانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە “درۆنێکی خۆکوژی سەر بە تورکیا گوندەواری باکووری شارۆچکەی عەین عیسای کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو کەس برینداربوون”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی تورکیا لە بەردەم بەنزینخانەی تەراد لەسەر رێگای نێودەوڵەتی لە دەروازەی باکوری شارۆچکەی عەین عیسا هاوڵاتیانی مەدەنییان کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی بە سەختی برینداربوون.

بە وتەی سەرچاوەكە، “ئەحمەد ئەلخزر ( 21 ساڵ) بریندار بووە و بەهۆی سەختی باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ڕەققە گواستراوەتەوە بۆ چارەسەر، هاوكات عەلی خەلیل (20 ساڵ) لە نەخۆشخانەی عومەر عەلووش لە عەین عیسا چارەسەر وەردەگرێت و بارودۆخی جێگیرە.

شارۆچكەی عەین عیسا و گوندەكانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات و ناوچەكانی دیكەی باكووری سووریا، ناو بەناو لەلایەن هێزەکانی تورکیا و لایەنەکانی هاوپەیمانیانەوە بۆردومان دەکرێن.