ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لەگەڵ شازادەی سعودیە سەبارەت بە ئاشتی لە یەمەن گفتوگۆیان کرد
دیمهشق – نۆرس پرێس
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئێوارەی رۆژی سێشەممە، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی سعودیە، کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی تاوتوێ کرد، بۆ ئەوەی دیپلۆماسیەتی بەردەوامی پەیوەست بە کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێرانیش بگرێتەوە .
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی، سولیڤان، لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ بن سەلمان، تیشکی خستە سەر پێشکەوتنە بەرچاوەکانی یەمەن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، کە لەژێر ئاگربەستێکدا بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە.
سولیڤان و بن سەلمان باسیان لە ڕەوتی بەرفراوانتر کرد بەرەو کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە ناوچەکەدا، هاوکات جەختیان لە خۆپاراستن لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و شوێنەکانی دیکە کردەوە.
سولیڤان پابەندبوونی بێوچانی سەرۆک ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە سەبارەت بە “هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکە” لەگەڵ لایەنی سعودی دوای چەند هەفتەیەک لە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنی سعودی و ئێران دێت.
گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی سعودییە و ئێران کاریگەری لەسەر پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دروستکردووە لەوانە یەمەن، سوریا و لوبنان.
بە بەشداری عومان، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەنە لە یەمەن لە نێوان سعوودیە و گروپی حوسیییەکانی یەمەن لە سەنعا بەڕێوە دەچێت.
لەچەند رۆژێکی داهاتووشدا، تیم لێندکینگ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە دەبێت.