بە ئامادەبوونی قەتەر.. سعودیە میوانداری کۆبوونەوەی عەرەبی و کەنداو دەکات سەبارەت بە سوریا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و وڵاتانی عەرەبی ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی هەینی داهاتوو کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی.

کۆبوونەوەکە کە بڕیارە لەسەر پرسی سوریا لە شاری جدەی سعودیە بەڕێوەبچێت، وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی کەنداو ئامادە دەبن جگە لە هاوتاکانیان لە ئوردن و میسر و عێراقەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 11ی نیسانی 2023، قەتەر ڕایگەیاند کە بانگهێشتنامەیەکی لە سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو وەرگرتووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە سوریا.

مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دەوحە گوتی: ” ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژکارییە، کە وڵاتانی کەنداو جگە لە ئوردن و میسر و عێراق بەشداری تێدا دەکەن، گفتوگۆکردنە لەسەر دۆخی سوریا.

گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەشداریی محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەری لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاستکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی قەتەر بەرامبەر بە سوریا نەگۆڕاوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەر گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستەکەدا “بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە کۆدەنگیی عەرەبی و بە گۆڕانکارییەکی مەیدانی کە خواستەکانی گەلی سوریا بەدیبهێنێت”.

کووبونەوەکە لە کاتێکدایە، کە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی نیسانی 2023، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەر بکات، بەپێی ئەوەی گوتەبێژی قەتەر ڕایگەیاندووە، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ناوچەییە یەکێک لە پرسەکان سوریایە.

هەفتەی ڕابردوو مەسقەتی پایتەختی عومان میوانداری باڵیۆزی وڵاتانی سعودیە، ئێران، سوریا و عێراقی کرد.

لە دوو مانگی ڕابردوودا بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا سەردانی عومان و ئیماراتی کرد، ئەمەش یەکەم سەردان بوو بۆ ئەو دوو وڵاتە عەرەبییە لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011.

مانگی ڕابردوو، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییەکاندا ڕایگەیاندبوو، زیادبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا ڕەنگە ڕێگە خۆشکەربێت بۆ گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی.

دواتر سعودیە ئاماژەی بەوەدا کە بانگهێشتنامەیەک بۆ دیمەشق دەنێرێت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی داهاتووی عەرەبی.