گەنجێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەئەمنیەکانی ئێران کۆژرا

هەولێر – نۆرس پرێس

گەنجێکی کورد بە ناوی حوسێن مەلەکی، کە تەمەنی ١٩ ساڵە و خەڵکی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری قودسی سەر بە پارێزگای تاران کوژرا.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤی بڵاویکردووەتەوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، حوسێن مەلەکی تەمەن ١٩ ساڵان خەڵکی شاری هەرسینە، لە کاتی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، لە جووتسایدی بەهارانی شاری قودس لە پشتەوە تەقەی لێ کراوە و کوژراوە.

ئاشکراشی دەکات کە بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە لە مەودای چەند مەترییەوە تەقەیان لەو هاوڵاتیە کردووە و لە پشتەوە گولە بەر سەری کەوتووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو لاوە کوردە تەنیا ویستوویەتی هەڵبێت.

ڕۆژی دووشەممە تەرمی حوسێن مەلەکی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.