شاندێکی باڵای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان گەشتە زاخۆ

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شاندێکی باڵای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شەمری جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە یاوەری قەیس حەمداوی سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ ئۆپراسیۆنەکان و فەرماندەی پاسەوانی سنور گەیشتنە قەزای زاخۆ.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئامانج لە سەردانەکە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواچوونی هێرشەکانی سەر گوندی پەرخێیە کە بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور کوژران و 23 گەشتیاری دیکە برینداربوون.

شەوی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی هێرشەکەی بۆ سەر پارێزگای دهۆک دەکات و دەشڵێت، “پشتیوانی سەربەخۆی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەین.”

ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی هێرشه‌كه‌دا پشتیوانی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق دەکەن و داواش له‌ هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام دەکەن هاوكاری حكومه‌تی عێراق بكه‌ن بۆ پاڵپشتی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 26ی تەمووز، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی دانیشتنێکی بەپەلە ئەنجامدەدات لەبارەی هێرش و دستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق.