بەرپرسێکی پێشووی پنتاگۆن داوای دەرکردنی تورکیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات

واشنتۆن – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە مایکل ڕوبین، شرۆڤەکاری سیاسی ئەمەریکی و بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن، ڕایگەیاند، پێویستە بەرێوبەرایەتی ئەمەریکا تورکیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەربکات. دوای ئەوەی کە مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدەی کردە ئامانج.

هەینی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا فەرماندەی گشتی هەسەدەی کردە ئامانج، ئەو فەرماندەیە بەیاوەری ئەفسەرانی ئەمەریکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بوون،ەچش بەئانجگرتنەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە.

لە بەیاننامەیەکی تایبەتدا، روبین ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕێگەی ئەو بەئامانجگرتنەوە چەند پەیامێکی ناردووە، یەکەمیان ئەوەبوو کە بەدواداچوونی مەزلوم عەبدی دەکات.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، ئەردۆغان دەیەوێت نیشانی واشنتۆن بدات کە چەندە جددییە لە ناشەرعیەتدان بەو گروپە کوردییانەی کە ئامادە نین خۆیان بخەنە ژێر دەسەڵاتی تورکیاوە.

شەممەی ڕابردوو، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ نۆرس پرێس ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دژی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییە، و پاڵپشتییەکی پتەوی خۆیشی بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناو هێزەکانی هەسەدە دووپاتدەکاتەوە.

ڕوبین ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەردۆغان قەیرانێک پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری 2023 دەخولقێنێت بۆ ئەوەی تورکەکان لە پێشینەی خراپی خۆی لە بەڕێوەبردنی ئابووریدا سەرقاڵ بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هەموو ئاڵوگۆڕە هەواڵگرییەکان ڕابگرێت و تورکیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەربکات.

ئەو بەرپرسەی پێشووی پنتاگۆن ڕایگەیاندووە، پێویستە ئەمەریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانای دژە فڕۆکەی تایبەت دابین بکات.

میک مولرۆی جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، بە شێوەیەکی دیپلۆماسی مامەڵە  لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکرێت، بە ئامانجگرتنی هاوبەشەکانمان و بەتایبەتی بوونی ئەندامانی خزمەتگوزارییەکانمان، قبوڵ ناکرێت.

جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری عێراق پێی وایە زۆربەی فشارەکان دیپلۆماسین و لەڕێگەی گفتوگۆی دەرگا داخراوەکانەوە دەبێت.

ئامادەکردنی: هەدیل عویس – داڕشتنەوە: محمد قازی