بەرپرسێکی پێشووی پنتاگۆن داوای دەرکردنی تورکیا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش دەکات
واشنتۆن – نۆرس پرێس
مایکل ڕوبین، شرۆڤەکاری سیاسی ئەمریکی و بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند، پێویستە ئیدارەی ئەمریکا، تورکیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی (داعش) دەربکات.
داواکاریەکەی مایکل ڕوبین داوی ئەوە هات کە تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) مەزڵووم عەبدی، بەیاوەری شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردە ئامانج.
رۆژی هەینی ڕابردوو 7ی نیسانی 2023، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، فەرماندەیەکی گشتی “هەسەدە” بەیاوەری سەربازانی ئەمریکی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و زیانێکی ماددی لێبکەوێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نۆرس پرێس، مایکل ڕوبین راگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕێگەی بۆردومانەکەوە چەند پەیامێکی ناردووە بۆ لایەنەکان، یەکەمیان ئەوەیە کە “چاودێری مەزڵووم عەبدی و سەرکردەکانی دیکەی هەسەدە دەکات”.
بەرپرسە پێشوەکەی پێنتاگۆن دەلێت: “ئەردۆغان دەیەوێت نیشانی واشنتۆن بدات کە ئەنقەرە چەند جدییە لە لەناوبردنی “هەسەدە و گروپە کوردییەکانی دیکە کە ئامادە نین خۆیان بخەنە ژێر چەتری تورکیا”.
شەممەی ڕابردوو، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ڕایگەیاند، وەزارەتی وڵاتەکەی دژایەتی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکات، هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ هەسەدە دووپات کردەوە.
ڕوبین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان دەیەوێت قەیرانێک زەق بکاتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی تورکیا درک بە خراپی ئیدارەکەی نەکات، بە تایبەتی کاتێک تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی 2023 هەنگاودەنێت.
مایکل ڕوبین جەختی لەوەکردووە، کە پێویستە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەموو ئاڵوگۆڕە هەواڵگرییەکان ڕابگرێت و تورکیا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەربکات.
بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە ئەمریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی دژە فڕۆکە بداتە هەسەدە.
مایکل گوتی “کاتی ئەوە هاتووە کەرتی دروستکردنی فرۆکەی بەیرقدار سزابدرێت، پێشکێشکردنی هەموو تەکنەلۆژیای دوو لایەن و پارچەی یەدەگ بۆ تورکیا ڕابگیرێت، ئەگەر بایدن ئەم کار نەکات، ئەوە ئەرکە لە سەر کۆنگرێس ئەو هەنگاوە بنێت”.
لەلایەن خۆیەوە میک مولرۆی، جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، “ڕەنگە بە مەبەست ئامانجەکەیان لەدەستدابێت، چونکە بە ئامانج گرتنی کاروانی زەمینی کارێکی قورس نییە، ئەگەر ئەمە رووداو بێت، ئەوا پەیامێکە”.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، ” بە شێوەیەکی دیپلۆماسی مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسە دەکرێت، بەڵام لەڕێگەی پەیامی ڕاستەوخۆوە کە جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە بەئامانجگرتنی هاوبەشەکانمان جێگەی قبول نییە”.
جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئەمریکا پێی وایە زۆربەی فشارەکانی دیپلۆماسی لە پشت دەرگا داخراوەوەکان دەبێت.