“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو کردەوەی دژ بە “هەسەدە” و سوپای عێراق راگەیاند

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیکیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە  دوو کردەوەی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عێراق راگەیاند.

ئاژانسی ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارەکانیان بە چەکی ئۆتۆماتیکی ئەندامێکی “هەسەدە”یان لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی “جەدید بەکارە” لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردۆتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنەکە بووەتە هۆی کوشتنی ئەو ئەندامە، لەکاتێکدا “هەسەدە” تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر رووداوەکە نەداوە.

یەکشەممەی رابردووش، چەکدارانی نەناسراو گەنجێکیان بەناوی “ئوسامە ئەلعەبدوڵڵا” کە ئەندامی “هەسەدە”یە لە نزیک رێگای سەرەکی ناوەندی شارۆچکەکە، کردەئامانج.

لە 9ی نیسانی ئەمساڵدا، داعش بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاند لە بە ئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە”، لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی شارۆچکەی “درنج” لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

لە عێراقیش، “ئەعماق” بڵاویکردەوە کە چەند  ئەندامێکی رێکخراوەکە توانیویانە بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سوپای عێراقدا لە گەڕەکی ئەڵماس لە ناوەندی شاری کەرکوک، بتەقێننەوە، کە بووە هۆی لەکارخستنی و برینداربوونی ئەوانەی لە ناویدا بوون.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان