وەزیری دەرەوەی تورکیا وادەی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی ئاشکرا دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وادەی کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ڕووسیا و سوریا و ئێرانی ڕاگەیاند، کە سەرەتای مانگی ئایار لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.
چاوش ئوغڵو راشیدەگەیەنێت، پێشتر جێگرانی وەزیرانی دەرەوە کاریان لەبارەی پرسی ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کردووە، هەفتەی ڕابردووش لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەم بابەتەمان تاوتوێکردووە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئایار لە مۆسکۆ کۆبوونەوەیەکی لەوشێوەیە ئەنجامبدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەست لەو کۆبوونەوە چوارقۆڵییە، ئاساییکردنەوە و زیندووکردنەوەی میکانیزمی چۆنیەتی نیشتەجێبوونە لە سوریا جگە لەوەش کۆبوونەوەکان نەخشەڕێگایەکن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرۆکەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، کە کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتان لە کارنامەی کۆبوونەوەی چوار قۆڵی وەزیرانی دەرەوەدا هاتووە لە بارەی سوریاوە.
دوێنێ یەکشەممە، ئەلێکساندەر یەفیمۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە سوریا ڕایگەیاند، وادەی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا و ئێران و ڕووسیا بۆ مانگی ئایاری داهاتوو دواخراوە.