شاندی پەرلەمانی عێراق : هەموو هێرشێک بۆ سەر عێراق ئیدانە دەکەین، بەتایبەتی ئەوەی کە لە سلێمانی ڕوویداوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ڕۆژی دووشەممە، شاندێکی پەرلەمانی عێراق هێرش و بۆردومانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە ئیدانە کرد و جەختیان لە پابەندبوون بە بەرگریکردن لە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
پێشتریش شاندێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق گەیشتە شوێنی بۆردومانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕووداوەی کە ناڕەزایەتی بەرفراوانی خەڵکی شاری سلێمانی لێکەوتەوە.
دوای سەرەدانەکەی شاندی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، ئێمە ئیدانەی هەموو هێرشێک بۆ سەر خاکی عێراق دەکەین، بەتایبەتی ئەوەی لە سلێمانی ڕوویداوە، بەرگری لە سەروەری عێراق و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین.
ئاماژەیان بەوەشدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی ئەنجومەن و لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەهۆی ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، دەخوازن له پاڵ خەڵکی سلێمانیدا بوەستن.
شاندەکەی عێراق ڕاشیگەیاند، لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئامادەبوون بۆ زانینی ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوە و گەیاندنی وردەکارییەکان بە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی عێراق.
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەیان بەوەدا لەکاتی هێرشێکی پێشوودا بۆ سەر هەولێر ئامادەیی بەو شێوەیەیان هەبووە، هەروەها ڕاپۆرتێکی وردیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە سەبارەت بەو هێرشانەی کە بۆ سەر خاکی عێراق دووبارە دەبنەوە بەتایبەتی لەلایەن تورکیاوە.