هەولێر – نۆرس پرێس
بڕیار وابوو دوێنێ یەکشەممە کاتژمێر 11ی بەیانی لەبارەگای کەنەکە لە هەولێر، ژمارەیەک لە ئەندامانی کەنەکە و چالاکوانانی سڤیل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجام بدەن و تێیدا سەرکۆنەی تورکیا بکەن، بەڵام رێکخەرانی چالاکیەکە دەڵێن هێزە ئەمنیەکانی هەولێر ڕێگەیان نەداوە ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە ئەنجام بدرێت.
ئـومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هەموو گردبوونەوە و خوپێشاندانێک پێویستی بە موڵەت هەیە، هەر گردبوونەوەیەک کە موڵەتی نەبێت بێگومان رێگەپێدراویش نابێت.
لە هەمانکاتدا، چەتو بەڕانەتی ئەندامی بەرێوەبەرایەتی کەنەکە لەهەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، ئیدانەی ئەو هێرشەی تورکیامان دەکرد و داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار و پەرلەمانی کوردستان دەکرد کە بێنە دەنگ چونکە ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری کوردستان و عێراق. لە هەمانکاتیشدا داوا لەحکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین کە هەڵویستیان بەرامبەر بە دەستدرێژیەکانی تورکیا هەبێت، چونکە لە شوێنێکی مەدەنی ناو فرۆکەخانە دراوە و لێدان لەشوێنی مەدەنیش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ.
ڕۆژی هەینی تورکیا فڕۆکەخانەی سلێمانی کردە ئامانج کە بە پێی زانیارییەکان ئامانجی هێرشەکە مەزڵوم عەبدی و بەرپرسێکی تری هەسەدە بوو، ئەم هێرشە کاردانەوەی لێ کەوتەوە.
بەڕانەتی کە رێکخەری ئەو چالاکی بووە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدرا نەک خوپێشاندان بۆیە بەپێی یاسا کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێویستی بە موڵەت نییە. بەڵام پارێزگاری هەولێر دەڵێت، گردبوونەوەیەک کە پێویستی بەوە هەبێت چەند کەسێک کۆببنەوە ئەمە یاسا رێکیخستووە کە ناتوانن. بەڵام رێکخەری چالاکیەکە گووتی، بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان موڵەت تەنها بۆ خۆپێشاندان وەردەگیرێت، تەنانەت بۆ گردبوونەوەش موڵەت نییە نەک بۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و ئەوەی ئێمەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییە و پێویستی بە موڵەت نییە.
لەکۆتاییدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ساڵی رابردوو ساڵی گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکان بووە خەڵکێکی زۆر داوای موڵەتی کردووە و نزیکەی 200 داواکاری موڵەت هەبووە، و بەشی زۆریشی قەبوڵکراوە و موڵەتیان پێدراوە و کارەکانیشیان ئەنجامداوە.