شاندێکی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکەی سلێمانی سەردانی پارێزگەکەی کرد
هەولێر – نۆرس پرێس
شاندێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق گەیشتە شوێنی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە.
سەرچاوەیەکی پەرلەمانی عێراق بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، شاندەکەی پەرلەمانی عێراق لە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان پێکهاتووە، ئامانجی شاندەکەش پێداچوونەوە و لیکۆڵینەوە بووە لە بۆردومانکردنی فرۆکخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە شاندی پەرلەمان ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەبارەی بۆردومانەکە ئامادە بکات و دواتر بۆ پەرلەمانی عێراقی بەرزبکاتەوە.
هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فرۆکخانە هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریایی دیموکرات (هەسەدە) و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانان دژی داعش، هەر ئەمەش وایکرد بەشێک لە هاوڵاتیانی سلێمانی لە دژی ئەو بۆردومانە دوێنی یەکشەممە خۆپێشاندانێک ئەنجامبدەن.
هاوکات سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوای لە تورکیا کرد، داوای لێبوردن بکات و واز لە “دەستدرێژی” بۆ سەر سەروەری عێراق بهێنێت.
ئەمە دووەم شاندی حکومەتی فێدراڵی عێراقە کە لە بەغداوە هاتووە بۆ سلێمانی، پێشتر قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ڕۆژی شەممە، سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و چووە شوێنی بۆردومانەکە دواتر لە گەڵ بەرپرسانی سلێمانی کۆبووەوە.
شاندی پەرلەمانی عێراق، پێکهاتووە لە عەباس زامیلی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان عێراق و ئەندامانی پەرلەمان “عەلی سەعدی، محەمەد رەمسی، خالید سوڵتان هاشم، مەریوان قەرنی”.
بڕیارە شاندەکە لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببێتەوە.
پێشترش موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی کردبوو.